بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھاداد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھاداد
Image
باوکEl

ھاداد (ئۆگاریتی:𐎅𐎄)، حەداد، ئاداد (ئەکەدی: 𒀭𒅎، بە «ئاداد» دەبێژرێت)، یان ئیشکور (سۆمەری) خودای گەردەلوول و باران بوو لە ئایینە کەنعانییەکان و ئایینە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیادا. ئەو لە ئیبلادا وەک «ھاددا» لە نزیکەی ٢٥٠٠ پ.زدا پشتڕاست کراوەتەوە.[١][٢]

لە شامەوە، ھاداد لەلایەن ئەمۆرییەکانەوە بە مێزۆپۆتامیا ناسێنرا، کە لەوێدا بە خودای ئەکەدی (ئاشووری-بابلی) ئاداد ناسرا.[٣][٤][٥][٦] ئاداد و ئیشکور بەزۆری بە لۆگۆگرامی(𒀭𒅎)[٧] دەنووسرێن - ھەمان ئەو ھێمایەی کە بۆ خودای حووری تێشووب بەکاردێت.[٨] ھاداد بە ڕیمۆن، پیدار، ڕاپیۆ، بەعل-زێفۆن،[٩] یان زۆرجار بە سادەیی بەعل (گەورە) ناودەبردرا؛ بەڵام نازناوی کۆتایی بۆ خوداوەندەکانی تریش بەکاردەھات. گا ئاژەڵی سیمبولی ھاداد بوو. ئەو بە ڕیشدار دەردەکەوت،[١٠][١١] زۆرجار گۆپاڵ و برووسکەی بەدەستەوە بوو و کڵاوێکی قۆچی گای لەسەر بوو.[١٢][١٣] ھاداد لەگەڵ خوداوەندی یۆنانی زیووس، خوداوەندی ڕۆمانی ژووبیتەر، ھەروەھا بێلی بابلی بە یەکسان دادەنرا.

سووڕی بەعل یان داستانی بەعل کۆمەڵە چیرۆکێکە دەربارەی بەعلی کەنعانی، کە بە ھادادیش ناودەبرێت. لە نێوان ساڵانی ١٤٠٠ بۆ ١٢٠٠ پ.زدا نووسراوەتەوە و لە کنە و پشکنینەکانی ئۆگاریتدا دووبارە دۆزرایەوە، کە شارێکی دێرینە لە سووریای ئەمرۆدا.

خودای گەردەلوول ئاداد و خودای خۆر شەمەش بەیەکەوە بوون بە خوداوەندە سەرپەرشتیارەکانی سرووش و غەیبزانی لە مێزۆپۆتامیا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Sarah Iles Johnston (٢٠٠٤). Religions of the Ancient World: A Guide. Harvard University Press. لاپەڕە ١٧٣. ژپنک ٩٧٨٠٦٧٤٠١٥١٧٣.
  2. Spencer L. Allen (٥ی ئازاری ٢٠١٥). The Splintered Divine: A Study of Istar, Baal, and Yahweh Divine Names and Divine Multiplicity in the Ancient Near East. Walter de Gruyter GmbH & Co KG. لاپەڕە ١٠. ژپنک ٩٧٨١٦١٤٥١٢٣٦٣.
  3. Albert T. Clay (١ی ئایاری ٢٠٠٧). The Origin of Biblical Traditions: Hebrew Legends in Babylonia and Israel. Wipf and Stock Publishers. لاپەڕە ٥٠. ژپنک ٩٧٨١٥٩٧٥٢٧١٨٧.
  4. Theophilus G. Pinches (١٩٠٨). The Religion of Babylonia and Assyria. Library of Alexandria. لاپەڕە ١٥. ژپنک ٩٧٨١٤٦٥٥٤٦٧٠٨.
  5. Joseph Eddy Fontenrose (١٩٥٩). Python: A Study of Delphic Myth and Its Origins. University of California Press. لاپەڕە ١٥٧. ژپنک ٩٧٨٠٥٢٠٠٤٠٩١٥.
  6. Green (2003)، لاپەڕە 166.
  7. ORACC – Iškur/Adad (god)
  8. Green (2003)، لاپەڕە 130.
  9. Gibson، John C. (١ی نیسانی ١٩٧٨). Canaanite Myths and Legends. T&T Clark. لاپەڕە ٢٠٨. ژپنک ٩٧٨-٠٥٦٧٠٨٠٨٩٩.
  10. Sacred bull, holy cow: a cultural study of civilization's most important animal. By Donald K. Sharpes –Page 27
  11. Studies in Biblical and Semitic Symbolism - Page 63. By Maurice H. Farbridge
  12. Academic Dictionary Of Mythology - Page 126. By Ramesh Chopra
  13. The New Encyclopædia Britannica: Micropædia. By Encyclopædia Britannica, inc – Page 605